پێشەکیی ئامادەکار: تایبەتمەندیەکانی ئەم فەرھەنگە

لە کتێبی:
فەرهەنگی مەردۆخ
بەرهەمی:
ڕەئووف ڕەهنموون
 18 خولەک  180 بینین
  • ھەروەکوو ئاماژەی پێ‌کرا نووسەری بەڕێز ئەم فەرھەنگەی لە ماوەی ھەژدە مانگدا نووسیوە، کە بەڕاستی یەکێکە لە کارە سەرسوڕھێنەر و لە ئاسابەدەرەکانی ئایەتوڵڵای کارامە و بلیمەت.
  • ھەر لە ژیانی نووسەردا و پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە لایەن نووسەرەوە رۆژانە ئامادەی چاپ کراوە و لە لایەن چاپخانەی ئەرتەشەوە ئۆفێست کراوە و بڵاو کراوەتەوە.
  • لە بەھاری «1362»ی کۆچی ھەتاویدا لە لایەن «چاپخانەی حەیدەری»ەوە ئۆفێست کراوەتەوە و لە لایەن «بڵاوگەی غەریقی»ەوە لە سنە بڵاو کراوەتەوە.
  • ئەم فەرھەنگە سێ زمانی کوردی و فارسی و عەرەبی لە خۆ گرتووە و وشە کوردیەکان - کە بە زۆری شێوە ئاخاوتنی ناوچەی ئەردەڵانن - کراون بە وشەی سەرەکی و لە ژێریاندا ھاوواتاگەلی فارسی و عەرەبیان بۆ نووسراوە و لەو رێگەیەوە نووسەر مانای وشە کوردیەکانی لێکداوەتەوە و ھەموو لایەنە ماناییەکانی ئەو وشانەی شی کردووەتەوە. جگە لە مانای فارسی و عەرەبی، زۆر جار نووسەر ھاوواتای کوردی وشە سەرەکیەکانیشی تۆمار کردووە.
  • ھەرچەندە نووسەر لە پێشەکی فارسی فەرھەنگەکەدا ئامانجی خۆیی لە نووسینی ئەم فەرھەنگە بە «وەرگرتنەوەی وشە تاڵان‌کراوە کوردی و فارسیەکان لە زمانی عەرەبی» لە قەڵەم داوە، بەڵام وا دەردەکەوێت ئەوە یەکێک لە ئامانجەکانی نووسینی ئەم فەرھەنگە بێت و سەرەکی‌ترین ئامانجی نووسەر خزمەت‌کردنی زمانی کوردی و دەوڵەمەند کردنی و پاراستنی ئەو زمانە بە گشتی و شێوە ئاخاوتنی ئەردەڵانی بووە لە رۆژگارێکدا کە حکوومەتی سەردەم بە تەواوی خۆی بۆ سڕینەوەی زمان و فەرھەنگ و وێژە و کەلتووری گەلانی دانیشتووی ئەم وڵاتە تەیار کردبوو و لە کۆتاییشدا ھەر ئەو کەمتەرخەمی و پشت‌گوێ خستنە ھەرەسی پێ‌ھێنا و تاج و تەخت و بەختی سەرنگوون کرد.
  • ھەر بۆیە نووسەر لە رێگەی زەق‌کردنی ئەو ئامانجەوە رێگەی بۆ بڵاوکردنەوەی فەرھەنگەکەی خۆش کردووە و بە ھۆی ریزکردنی مانا و ھاوواتای فارسی و عەرەبیەوە، جگە لەوەی پیتۆڵی و بلیمەت بوونی خۆیی لەو دوو زمانەشدا نیشان داوە؛ وشە کوردیەکانیشی بە تەواوی ھەلاجی کردووە و لایەنە لەیەک‌چوو و جیاوازەکانی ئەو وشانەی لە بواری ماناوە شی کردووەتەوە. ھەتا خوێنەر بە وردی لە مانا فارسی و عەرەبیەکان و روونکردنەوەکانی نووسەر رانەمێنێت؛ نازانێت چەندە لەو کارەدا سەرکەوتوو بووە.
  • ئەگەر وشەیەکی کوردی چەند مانای جیاوازی فارسی و عەرەبی لە خۆ گرتبێت، چەند جار وشە کوردیەکەی نووسیوەتەوە و لە ژێریدا مانا فارسی و عەرەبیەکانی بە جیاجیا ریزکردووە، ھەندێ جاریش ھەر یەک جار وشە سەرەکیە کوردیەکەی نووسیوە و لە ژێریدا مانا جیاوازە فارسی و عەرەبیەکانی لە پاڵ یەکتردا ریزکردووە.
  • نووسەر بۆ ئەوەی وشە ھاوواتا و جیاوازەکان - کە لە پاڵ یەکتردا نووسراون - دیاری بکات، لە نێوان وشە ھاوواتاکاندا نیشانەی «:»ەی داناوە کە لەم چاپەدا ئەم نیشانەیە کراوە بە «،»ەو لە نێوان وشە جیاوازەکاندا نیشانەی «+»ەی داناوە، کە لەم چاپەدا ئەم نیشانەیە کراوە بە «.».
  • ھەر وشەیەک روون‌کردنەوەیەکی پێویست بووبێت بە زمانی فارسی روون‌کردنەوەکەی نووسیوە و ئەگەر نموونەیەیشی پێویست بووبێت بە ھەر دوو زمانی کوردی و فارسی و ھەندێ جار بە عەرەبیش نموونەی بۆ ھێناوەتەوە.
  • ھەندێ جار نووسەر بۆ نووسینی مانای وشە کوردیەکان لە زمانی عەرەبیدا سوودی لە تایبەتمەندی وشەداتاشینی ئەم زمانە - کە لە رێزمانی عەرەبیدا روون‌کراوەتەوە - وەرگرتووە، بە تایبەت لە کاتی ماناکردنەوەی زاراوەگەلی کوردیدا بە عەرەبی پەنای بردووەتە بەر ئەم تایبەتمەندیەی زمانی عەرەبی.
  • ھەرچەندە وشەگەلی سەرەکی فەرھەنگەکە بە زۆری ھی ناوچەی ئەردەڵانە، بەڵام نووسەر لە لێکدانەوەی وشەکاندا سوودی لە دیالێکت و شێوە ئاخاوتنی ناوچەکانی تری کوردستان وەرگرتووە و ئاماژەی پێ‌کردوون، بە تایبەت دوو دیالێکتی گۆرانی و کرمانجی ژووروو.
  • ھەندێ جار نووسەر ئاماژەی بە زمانگەلی دیکەی وەک تورکی و زمانە ئەورووپاییەکانیش کردووە، بە تایبەت کاتێک وشەیەکی ئەو زمانانە لە کوردیدا بەکار ھێنرابێت یا وشەیەکی کوردی لەو زمانانەوە وەرگیرابێت، شایانی باسە ئەگەر وشەیەکی سەرەکی فەرھەنگەکە لە زمانە ئەورووپاییەکانەوە ھاتبێتە ناو زمانی کوردیەوە، ئەو وشەیەی لە نێوان دوو سەرەڕمدا (< - >) نووسیوە.
  • تێکەڵاوبوونی زیاتری شاری سنە و دەوروبەری لەگەڵ زمان و فەرھەنگی فارسیدا لە چاو ناوچەکانی دیکەی کوردستان کە بەشێکی بۆ گرنگ‌بوونی شاری سنە و نزیک‌بوونی بنەماڵەی ئەردەڵانیەکان لە حکوومەتی ئەو سەردەمەی ئێرانەوە - کە ھەندێ جار تا ئاستی ژن و ژنخوازی چووەتە پێش - دەگەڕێتەوە، ھەروەھا ئاواڵەبوونی ئەو ناوچەیە بە رووی شارستانێتی سەردەمدا، زیاتر لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، وای کردووە کە زمانی ئەم ناوچەیە ھەمیشە لە ئاڵوگۆڕ و پێشکەوتندا بێت و خەڵکی ناوچە ھاوواتای کوردی بۆ بەشێک لەو ئامراز و کەرەستە و ماشینە نوێیانەی کە ھاتووەتە شارەکەیانەوە دابنێن و ھەندێ جاریش سەر و گوێلاکی وشە ناکوردیەکان بشکێنن و بیان‌کەنە ھاوچەشنی وشە کوردیەکان.
  • جگە لەمەش ھەروەکوو خوێنەران ئاگادارن شاری سنە و دەوروبەری و بە تایبەت مزگەوتی «دارولئیحسان» ھەر لە دێرزەمانەوە بنکەیەکی گرنگی زانستە ئایینیەکان و مامۆستایانی ئایینی بووە و لەم رێگەوە زاراوەگەلی فیقھ و ئوسول و فەلسەفە و کەلام و ئەستێرەناسی و‌... لە ناو خەڵکیدا بڵاوبووەتەوە.
  • ھەموو ئەمانە لە فەرھەنگەکەی ئایەتوڵڵادا رەنگی داوەتەوە و لەم فەرھەنگەدا ھاوواتای زۆربەی ئەو وشە و زاراوەگەلە دەبینین و پێ‌دەچێت ژمارەیەکی کەمی ئەو وشە ھاوواتایانە نووسەر خۆی دایتاشیبن.
  • ھەروەکوو نووسەر لە پێشەکیەکەی خۆیدا ئاماژەی پێ‌کردووە ھەموو وشەگەلی بەشی کوردی ئەم فەرھەنگە، کوردی پەتی نین، بەڵکوو ھەموو ئەو وشە فارسی و عەرەبیانەشی لە خۆگرتووە کە لە زمانی کوردیدا بەکار دەھێنرێت. بۆ جیاکرنەوەی ئەم وشەگەلە نووسەر ئەو وشە سەرەکیانەی کە لە عەرەبیەوە وەرگیراون خستووە ناو دوو کەوانەوە ھەتا لەگەڵ وشە کوردیەکاندا تێکەڵ نەبێت - کە لەم چاپەدا ئەم وشەگەلە خەتیان بە ژێردا کێشراوە - ، ھەروەھا ئەگەر لە ناو مانا کوردی و فارسیەکاندا وشەیەکی عەرەبی بەدی‌کردبێت، خەتی بەسەردا کێشاوە.
  • جگە لەمەش کارێکی زۆر گرنگ کە نووسەر ئەنجامی داوە ئەوەیە کە خەتی بەسەر ھەموو وشە غەوارە و ناعەرەبیەکانی ناو وشە عەرەبیەکاندا کێشاوە کە بە زۆری لە زمانی فارسی و ھەندێ جار لە زمانی کوردیەوە پەڕیونەتەوە ناو زمانی عەرەبی. کە ھەموو ئەم جۆرە وشانە لەم چاپەدا خەتیان بەژێردا کێشراوە.
  • تەنانەت لە سەرەتای فەرھەنگەکەوە ویستوویەتی ئەو وشە فارسیانەش کە لە کوردیدا بەکار دەھێنرێت دیاری بکات و تا چەند لاپەڕەیەکیش ئەم کارەی کردووە و پاشان لێی پەشیمان بووەتەوە.
  • ھەروەکوو لە سەرەتای ئەم پێشەکیەدا ئاماژەی پێ‌کرا، نووسەری بەڕێز پوختەیەکی سەبارەت بە رێزمانی کوردی و چۆنیەتی گۆڕانی پیتەکان، بە تایبەت کاتێک وشەکان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە دەپەڕنەوە، نووسیوە، کە زۆر گرنگ و جێگای لێکۆڵینەوەیە، جگە لەوەش لە سەرەتای بەرگی دووەمی فەرھەنگەگەدا بەشێکی بۆ پەندی پێشینان و درکە و ئیدیۆمگەلی کوردی تەرخان کردووە، کە لەم چاپەدا گوێزراوەتەوە بۆ سەرەتای فەرھەنگەکە پێش دەست‌پێکردنی پیتی ئەلف.
  • ھەندێ جار نووسەر ھەر‌ بە ماناکردنەوەی وشە و زاراوەوە نەوەستاوە و رستە و نیمچەڕستە و پەندی پێشینیان و ئیدیۆمیشی بە فارسی و عەرەبی ماناکردووەتەوە.
  • نووسەر لە کۆتایی فەرھەنگەکەدا نووسیویەتی: «ئەگەر پێڕستێک بۆ وشە فارسیەکان و پێڕستێکی تر بۆ وشە عەرەبیەکانی ئەم فەرھەنگە دابنرێت، فارس و عەرەبیش سوود لەم فەرھەنگە وەردەگرن». کە بە داخەوە نەمان‌توانیوە لەم چاپەدا ئەم ئارەزووەی نووسەر بھێنینە دی، چونکە جگە لەوەی کارێکی زۆر دژوارە؛ قەبارەی فەرھەنگەکە زیاد لە ئەندازە گەورە دەکات. ھیوادارم ئەم ئارەزووەی نووسەر لانی کەم لە رێگەی گۆڕینی ئەم فەرھەنگەوە بە نەرم‌ئامێر (Software) و دانانی تایبەتمەندی گەڕان (Search) بە ھەر سێ زمانەکە تیایدا بەدی بێت.
  • ھەر لەبەر ئاسان‌کاری بۆ ھاتنە دی ئەو ئاواتەی لە خاڵی‌پێشوودا ئاماژەی پێ‌کرا؛ نووسەر ھەندێ رستە و لێکدانەوە و نیمچەرستەی خستووەتە ریزی وشە سەرەکیەکانی فەرھەنگەکەوە کە لە زمانی کوردیدا وشە و زاراوەی تایبەتی بۆ دانەنراوە بەڵام لە زمانی فارسی یا عەرەبیدا وشە و زاراوەی تایبەتی ھەیە. بۆ نموونە لە عەرەبیدا بۆ «دابەزینی پلە» وشەی «دَرَکە» دانراوە، ھەر بۆیە نووسەر لە ریزی وشە سەرەکیەکاندا «پلەکان حەوز»ی داناوە ھەتا لە مانا عەرەبیەکەیدا ئاماژە بەو وشەیە بکات. ھەروەھا «پێسە بەرخ» و «پێسە ریوی» و «پێس ھەنگوور» لە ریزی وشە سەرەکیەکانی فەرھەنگەکەدا ھاتوون، چونکە لە فارسی و عەرەبیدا زاراوەیان بۆ دانراوە و‌..‌.
  • ھەروەکوو ئاماژەی پێ‌کرا گرنگی ئەو کارەی نووسەر رۆژێک دەردەکەوێت کە پێڕستێکی فارسی و عەرەبی بخرێتە پاڵ فەرھەنگەکە یا فەرھەنگەکە بکرێت بە نەرم‌ئامێر، کە لە وەھا کاتێکدا لەگەڵ دۆزینەوەی زاراوە فارسی یا عەرەبیەکەدا روون‌کردنەوە کوردیەکە بە ھانامانەوە دێت.
  • نووسەر لە ھەڵبژاردنی وشە و ھاوواتای فارسی و عەرەبیدا زۆر وردەکاری بەکارھێناوە و ھەوڵی داوە بە پێی توانا لەبارترین و گونجاوترین وشە لە بەرامبەر وشە کوردیەکانەوە دانێت، واتە نووسەر لێکدانەوە کوردیەکانی وشە بە وشە نەکردووە بە فارسی و عەرەبی، کە نیشانەی زانایی و ئاگاداری نووسەرە لە دوو زمانی فارسی و عەرەبیدا سەرەڕای زمانی زکماکی خۆی.
  • تایبەتمەندیەکی دیکەی ئەم فەرھەنگە لەوەدایە کە نووسەر چاوگە لێکدراو (دووبەشی)ەکانی وەکوو فەرھەنگەکانی دیکە تەنیا بەسەر یەکەوە مانا نەکردووەتەوە، بەڵکوو بەشی یەکەمیشی بە جیا مانا کردووەتەوە، بۆ نموونە لە چاوگی «فڕەدان»دا وشەی «فڕە»ی لە پێشدا مانا کردووەتەوە پاشان «فڕەدان»ی بەسەر یەکەوە مانا کردووەتەوە.
  • لە نووسین و ریزبەندی وشە کوردیەکاندا کەڵکی لە رێنووسی ئەمڕۆی کوردی وەرنەگرتووە بەڵکوو پیتە کوردیەکانی لەگەڵ بزاوی عەرەبی (ﹷﹻﹹ)دا پێکەوە بەکار ھێناوە. نووسەر لە لایەکەوە سوودی لە پیتگەلی «ڤ، ڵ، گ، ژ، پ»ی کوردی وەرگرتووە و لە لایەکی دیکەشەوە پیتگەلی «ژ، ص، چ، گ، ڤ، پ»ی عەرەبیشی بەکار ھێناوە. ھەروەھا سوودی لە «ۆ - ێ»ی کوردیش وەرگرتووە ھەرچەندە ھەندێ جار نیشانەی « «َی بۆ دانەناون کە دانەنانی ئەم نیشانەیە ھەندێ جار بۆ تایبەتمەندی شێوە ئاخاوتنی ئەردەڵانی دەگەڕێتەوە کە چۆنیەتی دەربڕینی «ۆ - ێ» لەم ھەرێمەدا جیاوازە لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان.
  • نووسەر لەباتی پیتی «i» لاتینی و «ی»ی کورت، نیشانەی «ﹻ»ی داناوە و لەباتی بزوێنی «ە»ی کوردی لە ناوەڕاستی وشەدا، نیشانەی «ﹷ»ی داناوە. ھەروەھا ھەندێ جار «ێ»ی کورتی بەکارھێناوە، بۆ بەراوردکردنی رێنووسی نووسەر لەگەڵ رێنووسی ئەمڕۆی کوردیدا، سەیری دوو لاپەڕەی نموونەی ئۆفێست‌کراو‌ی فەرھەنگەکە بکە، ھەروەھا سەرنجی ئەم خشتەیەی خوارەوە بدە!

  • رێنووسی فەرھەنگەکەرێنووسی ئەمڕۆی کوردیرێنووسی ئەم چاپەی فەرھەنگەکە
    پِرچانِنپرچاننپرچانْن
    پَنگه‌مُوسپەنگەمووسپەنگەمووس
    تُرشتورشتورش
    تِرَکِ پاترەک پاترەکْ پا
    چاوبُوقچاوبۆقچاوبۆق
    خَط بُطلانخەت بوتڵانخەت بوتڵان
    ثَبّاتسەبباتسەببات
    جاذبة زَوینجازبەی زەوینجازبەی زەوین
    بی اَڊه‌بیبێ‌ئەدەبیبێ‌ئەڊەبی
    رَوُزرەوزڕەوْز
    ذَرّهزەڕەزەڕە
    رَشائیرەشاییرەشایی
    زینِگزینگزینْگ
    طُرفَةُ العَينتورفەتولعەینتورفەتولعەین
    ظَفَرزەفەرزەفەر
    صافسافساف
    ضِدّزیددزیدد
    وَلِيّوەلییوەلیی
    یادآوَرییاداوەرییاداوەری
    کَنِنکەننکەنْن
    مَظَنَّهمەزەننەمەزەننە
    تُرتورتور
    تورِّکتووڕکتووڕْک
    توراغانتۆراغانتۆراغان
    تۆرّتۆڕتۆڕ
    سِهسێسێ
    فِففْ

     

  • ھەروەکوو خوێنەری بەرێز دەبینێت زۆرجار رێنووسەکەی نووسەر بۆ دەرخستنی چۆنیەتی دەربڕینی وشە کوردیەکان وردەکاری زۆرتری تێدایە.
  • بۆ نموونە نیمچە بزوێنی «i» کە ئایەتوڵڵا بە «ﹻ» ئاماژەی پێ‌کردووە، بۆ رێنووسی فەرھەنگ زۆر پێویستە کە لە رێنووسی ئەمڕۆی کوردیدا نیە، ھەربۆیە وشەی «کەنن» لە رێنووسی ئەمڕۆی کوردیدا دەکرێت بە «kenin» بخوێنرێتەوە، کە چاوگە و بە مانای «کەندن»ە، یا بە «kenn» بخوێنرێتەوە کە بە مانای «ئاودڕ»ە.
  • ئەم وردەکاریە لەم فەرھەنگەدا زۆر گرنگە، چونکە ھەروەکوو دەزانن لە شێوە ئاخاوتنی ئەردەڵانیدا زۆرجار پیتی «د» لە چاوگدا بەدی ناکرێت، کاتێک رەگی وشەکە بە پیتی «ن» کۆتایی ھاتبێت، وەک چاوگگەلی: «سەنن»، «خۆرانن» و‌..‌.
  • ھەروەھا نووسەر بە دانانی نوختە لە ژێر پیتی «د»دا لە وشەگەلی «قادر» و «پاڵوودە» و «ئەدا» و‌...دا ئاماژەی بە دەرنەکەوتنی ئەم پیتە لەو وشەگەلەدا کردووە.
  • ھەروەکوو خوێنەری بەڕێز لە خشتەکەدا دەیبینێت و پاشتریش ئاماژەی پێ‌دەکەین، بە یارمەتی ھاوکارانی بەڕێزی پیتچن ھەوڵمان داوە لەم چاپەدا بەپێی توانا وردەکاریەکانی نووسەر لە رێنووسی فەرھەنگەکەدا بپارێزین.
  • نووسەر لە پێشەکی فەرھەنگەکەدا گلەیی لە بەکارھێنانی ئەلفوبێی عەرەبی بۆ نووسینی کوردی و فارسی کردووە و بێتوانابوونی ئەو ئەلفوبێیەی بۆ دەرخستنی وردەکاریەکانی ئاخاوتنی زمانی فارسی و عەرەبی روون‌کردووەتەوە و تەنانەت پێشنیاری ئەلفوبێیەکی دیکەی خستووەتە بەر باس کە جێگای سەرنج‌دان و لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانی رێنووسی کوردیە.
  • شایانی باسە کە من خۆم لەگەڵ ئەوەدا نیم کە لە رێنووسدا ھەموو وردەکاریەکانی ئاخاوتن دەق بە دەق ئاشکرا بکرێت و ئاسانکاری و رێکوپێکی و خێرا نووسین بەسەر دانانی نیشانەگەلی زۆروبۆر بۆ گواستنەوەی دەق بە دەقی پیت و بزوێنەکان لە ئاخاوتنەوە بۆ نووسین ھەڵدەبژێرم. تەنیا ئەوەندە ھەیە کە لە نووسینی فەرھەنگدا نیازمان بە فۆنەتیکێکی رێکوپێک ھەیە وەکوو لە زمانی ئینگلیزیدا دەیبینین.
  • خاڵێکی تر کە لەم فەرھەنگەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە کە نووسەر وشە و رستەگەلی فەرھەنگەکەی ھەر بەو جۆرەی کە خەڵکی بازاڕ و کووچە و کۆڵان لە ئاخاوتنی رۆژانەیاندا بەکاری دەھێنن گواستووەتەوە بۆ ناو فەرھەنگەکەی و ھەرگیز لە ھەوڵی ئەوەدا نەبووە بە لەفزی قەڵەم وشەکان بنووسێت و ئاخاوتنی زانایانە و خوێنەوارانەی سەردەمی خۆیی بەسەر ئاخاوتنی خەڵکی رەمەکیدا ھەڵنەبژاردووە.
  • نووسەر جگە لە وشە کوردیەکان بەوپەڕی وردەکاریەوە سەر و بۆر و ژێر و زەنە و گیرەی بۆ وشە فارسی و عەرەبیەکانی ناو فەرھەنگەکەی داناوە.
  • نووسەری بەڕێز لە ھەر جێیەکدا بە پێویستی زانیوە وێنە و شکڵی پێویستی بۆ روون‌کردنەوەی زیاتری مانای وشەکانی فەرھەنگەکەی کێشاوە کە کارامەیی و دەس‌ڕنگینی نووسەر لە وێنەکێشانیشدا دەخاتە روو و وەکوو شاعیری عەرەب دەڵێت: «بەلای خوداوە ھیچی تێناچێت کە ھەموو مرۆڤەکان لە مرۆڤێکدا کۆبکاتەوە!».
  • ھەرچەندە شێوەئاخاوتنی شیرینی ناوچەی ئەردەڵان بەسەر فەرھەنگەکەدا زاڵە، بەڵام وەسف‌کردنی ئەم فەرھەنگە بە فەرھەنگێکی لەسەداسەد ناوچەیی؛ بڕیارێکی دوور لە ئینساف و دادوەریە، چونکە جگە لەوەی ئەم فەرھەنگە دەیان و سەدان وشەی ھەورامی و تەنانەت کرمانجی ژووروویشی لە خۆگرتووە؛ ھەروەکوو مامۆستا جەمال نەبەز لە کتێبی «بەرەو زمانی یەکگرتووی کوردی»دا ئاماژەی پێ‌دەکات ناوی زۆربەی ئامراز و ئامێرە سەرەتاییەکانی کشتوکاڵ و‌... لە نێوان زۆربەی دیالێکتە کوردیەکاندا ھاوبەشە و ھەروەھا پاش سەرنج‌دانی ئەم خشتەیەی خوارەوە و بەراورد کردنی ھەندێ لەو روون‌کردنەوانەی کە لە پاڵ وشە کوردیەکانی فەرھەنگەکەدا نووسیومە؛ خوێنەری بەڕێز دەتوانێت بە ئاسانی مانای بەشێکی زۆری وشە سەرەکیەکانی ناو ئەم فەرھەنگە بدۆزێتەوە، ھەرچەندە خۆی دانیشتووی ئەم ناوچەیەی کوردستان نەبێت:

  • شێوە ئاخاوتنی ئەردەڵانیشێوە ئاخاوتنی سلێمانی و دەوروبەری
    مردگمردوو
    شێویاگشێواو
    پێگەییگپێگەییو، پێگەیشتوو
    مانْگمانوو، ماندوو
    بیانْکبیانوو
    تلەوکردنتل‌کردنەوە
    شلەوکردنشل‌کردنەوە
    کوتیاگکوتیاو، کوتراو
    ھاڕیانھاڕدران
    کەفتنکەوتن
    کێفسانکوێستان
    ناوێنابێ، نابێت
    کوڵانْنکوڵاندن
    خەفانْنخەواندن
    پرتووکیاگپرتووکاو
    دانیاندانان
    کواکەوا
    کوانْگکوانوو
    کەوەرگکەوەر
    مەژگمێشک

     

  • نووسەر لە فەرھەنگەکەیدا مانا کوردی و فارسی و عەرەبیەکانی پاش پیتگەلی «ک» و «ف» و «ع» بەم شێوەیەی خوارەوە ریزکردووە:

    ک -

    ف -

    ع -

    بەڵام ھەندێ جار نیشانەی پاش پیتی «ک»ی بەم شێوەیە داناوە:

    ک +

    ف -

    ع -

    ھەرچەندە ھۆی ئەم کارەم بە تەواوی بۆ ساغ نەکرایەوە، بەڵام وا دەزانم ئاماژە بێت بە مانایەکی جیاوازی دیکەی وشە سەرەکیەکەی سەرەوە کە لە کوردیدا ھاوواتای بۆ نەدۆزیوەتەوە، چونکە نووسەر لە پێشەکی فەرھەنگەکەدا نووسیویەتی: ئەم نیشانەیە «+» بۆ جیاوازبوونی مانا دانراوە.

    بۆ دەرخستنی ئەم جیاوازیە لەم چاپەدا پاش پیتی «ک» کە نیشانەی زمانی کوردیە، سێ خاڵ دانراوە پاشان وشە کوردیەکە نووسراوە، بەم شێوەیە: ک:‌...